کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ٨۰ وڵات دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و حوسییەکان

10:33 - 3 رەزبەر 2726

نزیکەی ٨۰ وڵاتی جیهان ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوای کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوی گەرووی هۆرمۆزیان کرد و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و حوسییەکان  لە ناوچەکەدا، هەروەها تێکدانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی جیهانییان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، عەبدولەتیف بن ڕاشید ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕاگەیەندراوای ئەو ٨٠ وڵاتەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندەوە.

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کەنداو و زلهێزە ڕۆژاواییەکان لە لایەنگرانی ئەم ڕاگەیەندراوە بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: «کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆزدا هێشتا هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانین».

واژۆکاران جەختیان لەسەر پێویستیی پەڕینەوەی سەلامەت، ئارام و بێ کۆسپ بۆ کەشتییەکان لەم ڕێڕاوە ئاوییەدا کردەوە.

هەروەها ئەم وڵاتانە بڕیاری حوسییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە یەمەن، هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی و هێرشی «سەرەڕۆیانە» لە دەریای سووردا بەتوندی مەحکووم کرد و هۆشدارییان دا کە پێشڕەویی ئەم گرووپە بەرەو گەرووی بابولمەندەب، مەترسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، ئاسایشی دەریایی و بازرگانی جیهانی زیاد دەکات.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی لە پێوەندییە جیهانییەکان دابڕاوە و لە قەیرانی قووڵی دیپلۆماسیدایە.