کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی پۆرتغاڵ هۆشداریی توندی بە ڕێژیمی تاران دا و داوای کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هۆرمۆزی کرد

14:08 - 3 رەزبەر 2726

لویس مۆنتێنێگرۆ، سەرۆکوەزیرانی پۆرتغاڵ، لە وتارێکیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی بەتوندی مەحکووم  کرد و داوای کۆتاییهاتنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، کەشتییە بازرگانییەکان و بنکە مەدەنییەکانی کرد، هەروەها داوای هەڵگرتنی بەربەست و داخستنی گەرووی هۆرمۆزی کرد.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە «کارەساتی مرۆیی» لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، هۆشداریی توندی بە ڕێژیمی ئێران دا ڕایگەیاند: «لێکەوتەکانی قەیرانی وزە و سووتەمەنی کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە دروست بوون، زیان بە هەمووان دەگەیەنن».

مۆنتێنێگرۆ هەروەها باسی لە پاراستنی دەریاکان کرد و ڕایگەیاند کە ئازادیی کەشتیوانی بە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش دەکرد و  پێویستی بە هاوکاریی گشتی هەیە.

ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی پۆرتغاڵ هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

پێشتر نزیکەی ٨۰ وڵات لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوی گەرووی هۆرمۆزیان کرد و هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر ئاسایشی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی مەحکووم کرد.

شایانی باسە لەم حەفتەیەدا، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین وڵات و سەرکردەی جیهان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، دۆسییەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، قەیرانی یەمەن و پێشێلکارییە ئەمنییەکان دەربڕیوە، کە تەنانەت بووەتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی هەندێک وڵات وەک کۆلۆمبیا لەگەڵ ڕێژیمی تاران.