دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٧٥ کەسی، لەوانەش پێنج ژن، بە تۆمەتی جیاجیا لە بەندیخانەکانی سەرانسەری ئێران لە سێدارە داوە.
هەواڵدەریی هێرانا، لە نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند کە لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا جگە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، لانیکەم ٢٩ حاڵەتی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان، لەوانەش بۆ سێ ژن دەرکردووە.
هێرانا هەروەها باسی لە تۆمارکردنی هەشت حاڵەتی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان لە دادگای باڵای ڕێژیم لە مانگی ڕابردوودا کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەواڵدەرییە، لەو ڕێژەیە ژمارەیەک لە لەسێدارەدراوەکان بەندکراوی سیاسی بوون.
لە نێوان زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوەکاندا، حوسێن پەتەران بە تۆمەتی «سیخوڕی و هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل» و مەجید ئادینە، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، بە تۆمەتی «کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل، ئەمریکا و گرووپە دوژمنکارەکان» لە سێدارە دران.
پێداچوونەوە بە ئامارە بڵاوکراوەکانی هێرانا دەریدەخات کە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانبار ١٤٠٤دا تا کۆتایی خەرمانانی ئەمساڵ، لانیکەم هەزار و ٨٦ کەسی لە ئێران، لە سێدارە داوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ١٤٠٠دا، ٣٥۱ حاڵەت بووە.
هەروەها لە بەشی ئازادیی بیر و ڕادەربڕینی ڕاپۆرتی مانگانەی هێراندا، ٤٠٣ حاڵەتی دەسبەسەرکردن، ٢٤٠ حاڵەتی دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان و ٢٣ حاڵەتی بانگکردن بۆ ناوەندە دادوەرییەکانی ڕێژیم تۆمار کراوە.
هێرانا هاوکات ئاماژەی بە ٧٤ حاڵەتی ناڕوونیی چارەنووسی بەندکراوان، ٣٠ حاڵەتی ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان، ١٧ حاڵەتی بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی و ١١ حاڵەتی بێبەشبوون لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر کردووە.
هەروەها لە بواری پێشێلکاریی مافی خوێندکاران لە زانکۆکاندا، ٦٦ تێرم بێبەشبوون لە خوێندن بۆ ٣٦ کەس و ١٣ حاڵەتی دەرکردن تۆمار کراوە.
لە بەشی کەمینە ئایینییەکانیشدا، ٢٥ حاڵەتی دەسبەسەرکردن، ١٩ حاڵەتی پشکنینی ماڵ و ٩ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕاگەیەندراوە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لە مانگەکانی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەو دۆسییانەدا دەربڕیوە کە لەگەڵ نیگەرانییەکان لەسەر ڕەوتی دادگاییکردن هاوکات بوون.
لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٦ی خەرماناندا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، هێرشێکی بەرفراوان و سیستماتیکی دژی هاووڵاتییان ئەنجام داوە کە بریتی بووە لە کوشتنی نایاسایی، ئەشکەنجە، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و سنووردارکردنی توند لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین.
لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و شەڕی ٤٠ ڕۆژە، ڕێژیمی ئێران شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی لە ڕێگەی بانگکردن، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو، دەرکردنی سزای قورسی زیندانیکردن و زیادکردنی لەسێدارەدانەکانەوە دەست پێکردووە و کوردەکان لەو ڕەوتە پشکی شێریان بەرکەوتووە.