کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆلۆمبیا بەفەرمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پچڕاند

10:35 - 3 رەزبەر 2726

لە درێژەی گۆشەگیریی دیپلۆماسی و تەریککەوتنەوەی ڕێژیمی تاران لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە نوێترین هەوڵدا، وەزارەتی دەرەوەی کۆلۆمبیا ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پچڕاندووە.

بوگۆتا نیگەرانییە ئەمنییەکان، پەیوەندییە سەلمێنراوەکانی تاران لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی تاران لە ناوچەکەدا و دۆسییەی ئەتۆمیی وەک هۆکارەکانی ئەم بڕیارە زانیوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، وەزارەتی دەرەوەی کۆلۆمبیا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕایگەیاند کە پچڕانی فەرمیی پەیوەندییەکان لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانانەوە جێبەجێ کراوە، بەڵام پەیوەندیی کۆنسولخانەکانی دوو وڵات هەر بەردەوام دەبن.

حکوومەتی کۆلۆمبیا ئەم بڕیارەی لە چوارچێوەی بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە بواری ئاسایشی نیشتمانی، ئاسایشی ڕۆژاوا و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی دەرەوەی سنوورەکان وەسف کرد.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و گرووپە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو گرووپە تێرۆریستیانە کراوە کە پەیوەندییان بە قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە و بە وتەی بوگۆتا، هەڕەشە لە ئاسایشی کۆلۆمبیا دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی کۆلۆمبیا هەروەها «پێشێلکردنی سەلمێندراوی مافی مرۆڤ» لە ناو ئێراندا و هێرشە پشتڕاستکراوەکان بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کە لایەنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین، وەک هۆکارەکانی دیکەی پچڕانی پەیوەندییەکان ناو برد.

داخستنی گەرووی هۆرمۆز و ڕێگریکردنی بەرپرسانی ئێران لە چالاکییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دڵنیابوونەوە لە قەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لەم ڕاگەیەندراوەدا باس كراوە.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی کۆلۆمبیا، ئەم کۆمەڵە هۆکارانە متمانەی بوگۆتای بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لاواز کردووە.

لە کۆتاییدا، حکوومەتی کۆلۆمبیا بەرگریکردن لە سەروەری نیشتمانیی بە پایەیەکی پێویستی سیاسەتی دەرەوەی خۆی زانی و جەختی لەسەر پاراستنی سنوورەکان، ڕەتکردنەوەی هەر دەوەردانێکی دەرەکی و بەرگریکردن لە هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کردەوە.

 پێشتریش هەرکام لە ئەمریکا، سوید، مۆریتانی، پێرۆ، فەرانسە، شیلی، بریتانیا و چەندین وڵاتی دیکە یان پێوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پچڕاندووە یان بە تەواوی لاواز بووە.