وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتوندی وڵامی وتارەکەی مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دایەوە و بانگەشەکانی تاران و ئیدیعای ئاشتیخوازیی ئەو ڕێژیمەیان ڕەت کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە هیچ وتارخوێندنەوە و مانۆڕێکی ڕاگەیاندن ناتوانێت تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی ئێران و ناوچەکە بشارێتەوە. ئەو وەزارەتخانەیە تارانی بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناو برد کە هەوڵی بەدەستهێنانی مەترسیدارترین چەکی جیهان (چەکی ئەتۆمی) دەدات و جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابی ڕێگە بە ئامانجێکی لەو جۆرە بدرێت.
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وڵامی قسەکانی پزیشکییاندا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی کوشتاری دەیان هەزار هاووڵاتی لە ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکاندا، پشتیوانیی دارایی لە گرووپە تێرۆریستییەکان، هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و پێشێلکردنی بڕیارنامە ئەتۆمییەکان، گەورەترین پێشێلکاری یاسا و سیستەمی نێودەوڵەتییە و مافی ئەوەی نییە باسی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی بکات.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە هاتن کە مەسعوود پزیشکییان لە وتارەکەیدا ئیدیعای کردبوو ئێران بەرنامەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە دەوێت و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد، بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرکوتی خوێناوی و کوشتاری هەزاران ناڕازی لە شەقامەکانی ئێراندا بکات.