ئانتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی شۆرای ئورووپا، ڕایگەیاندووە کە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نیۆیۆرک، داوای «وەستاندنی هێرشەکانی ئێران دژی دراوسێکان و دابینکردنی تەواویەتیی ئازادیی گەشتی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز» کردووە.
کۆستا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی کە "گفتوگۆیەکی «لێبڕاوانە و بنەڕەتی»ی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێراندا هەبووە" و ڕاشیگەیاند لەم دیدارەدا «جەختم لەوە کردەوە کە گفتوگۆ تەنها ڕێگەی چارەسەریی قەیرانەکان و مسۆگەرکردنی ئاشتیی بەردەوامە لە سەرجەم ناوچەکەدا».
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە داواش لە کۆماری ئیسلامی کراوە «هاوکاریی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی دەست پێبکاتەوە».
سەرۆکی شۆرای ئورووپا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە «یەکیەتیی ئورووپا ئامادەیە بۆ پشتیوانی لە سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان».
هاوکات لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە دیداری لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا، ڕەخنەی توندی لە لەسێدارەدان و سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە گرت.