ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین بە ئامادەبوونی حوسێن تائیب، بەرپرسی ئەم ڕێکخراوە، یەکەم ناوەندی ڕاهێنانی سەربازیی کەمپەینی حکوومیی «جانفەدا»ی لە مەیدانی ئیمام حوسێنی تاران کردەوە. لەم ناوەندەدا خوازیاران ڕاهێنانی تەقەکردن، بەکارهێنانی چەکی تاکەکەسی و کەرەستەی بەرگریی ئاسمانی لە سێ ئاستی جیاوازیان پێ دەکرێ.
تائیب ڕایگەیاند کە ڕێکخستنی بەشداربووان لە چوارچێوەی دەستە و گورداندا دەستی پێکردووە و بڕیارە زیاتر لە هەزار گۆڕپانی پسپۆڕیی بەرگری پێکبهێندرێن.
کەمپەینی «جانفەدا» دوای دەستپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژە لەلایەن «قەرارگای فەرهەنگیی قوربی بەقیەتوڵڵا»ی سەر بە سپای پاسدارانەوە بۆ پشتگیری لە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندرا. بەرپرسانی ڕێژیم ئیدیعای تۆمارکردنی ناوی ۳۰ ملیۆن کەسیان کردووە، بەڵام ماڵپەڕی ڕاستیدۆزیی "فەکتنامە" ئەم ئامارەی بە نادروست و ژمارەسازیی حکوومی لەقەڵەم داوە.
لەلایەکی ترەوە، ڕێگەدان بە ناونووسینی منداڵانی سەرووی ١٢ ساڵ لەم کەمپەینە سەربازییەدا، ناڕەزایەتیی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە؛ بە شێوەیەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر هۆشداری دابوو کە ڕاکێشانی منداڵان بۆ چالاکییە سەربازییەکان پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە و بەکارهێنانی کەسانی ژێر ۱۵ ساڵ لە شەڕدا دەکرێت وەک تاوانی جەنگ ئەژمار بکرێت.