کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتهەڵگرێکی بریتانیایی لە گەرووی هۆرمۆز بە هاوێژراوێکی نەناسراو کرایە ئامانج

09:42 - 31 خەرمانان 2726

ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەگان بریتانیا (UKMTO) و شیرکەتێکی ئەمنییەتی دەریایی ڕایانگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای بریتانیاوە لە کاتی چوونی بۆ گەرووی هۆرمۆز، بە هاوێژراوێکی نەناسراو ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و دوو خەدەمەی کەشتییەکە بەسووکی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی شیرکەتێکی ئەمنییەتی دەریایی بریتانیا، نەوتهەڵگری "لا ستێفانی" (La Stephanie) کە بە ئاڵای بریتانیاوە بەرەو کەنداو لە جووڵەدا بوو، لە ئاوەکانی گەرووی هۆرمۆزدا بە هاوێژراوێکی نەناسراو، کرایە ئامانج.

ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەگان بریتانیا ڕایگەیاند لەم ڕووداوەدا دوو کەس لە خەدەمەی کەشتییەکە بریندار بوون، بەڵام زیانی ژینگەیی لێنەکەوتووەتەوە و کەشتییەکە بەبێ ڕاگرتن بەرەو بەندەری مەبەست درێژە بە ڕێگەی خۆی دەدات.

ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە جارێکی تر داوای لە تەواوی کەشتییە بازرگانییەکان کرد لە کاتی تێپەڕبوون لە ناوچەکەدا ئاگادار بن و هەر جۆرە جووڵەیەکی گوماناوی ڕابگەیەنن.