کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤین قەیراناوییە

09:12 - 31 خەرمانان 2726

کانونی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر داڕمانی دۆخی تەندروستی و مرۆیی لە بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤین هۆشداریی دا و ڕایگەیاند قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەر، نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی و گواستنەوەی بەرنامە بۆداڕێژراوی ماددە هۆشبەرەکان، ژیانی بەندکراوانی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کانونی مافی مرۆڤی ئێران، بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤین ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ژێرخانی بووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە ژمارەی بەندکراوان گەیشتووەتە دوو بەرانبەری توانای وەرگرتنی بەندەکە.

ئەم ئاستە لە قەرەباڵغی دوای ئەوە هاتەئاراوە کە دەسەڵاتداران بەبێ فراوانکردنی جێگە و ژێرخانی تەندروستی، بەندکراوانی کەیسی داراییان لە بەندیخانەی "تارانی گەورە"ەوە بۆ ئێڤین گواستەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بۆ هەر ١٧٠ بەندکراو تەنیا حەوت توالێت و حەوت حەمام هەیە؛ "ساس" بە تەواوی ژوورەکانی ئەو بەندەدا بڵاو بووەتەوە و هیچ ماددەیەکی پاککەرەوە و خاوێنکەرەوە لەبەر دەستدا نییە.

هاوکات بێبەشکردنی بەندکراوان لە دەرمانی پێویست، نەناردنی نەخۆشەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوە، کوالێتیی زۆر نزمی خۆراک و تێکچوونی سیستەمی فێنککەرەوە لە وەرزی گەرمادا، دۆخەکەی بەرەو کارەسات بردووە.

کانونی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردووە کە ماددە هۆشبەرەکان بە ئاسانی لەنێو بەندەکەدا دەست دەکەون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەی ڕێکخراو و بە هاوکاریی هەندێک لە پاسەوانان و بەرپرسانی بەندەکە بەڕێوە دەچێت.

ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕەفتارانە پێشێلکاریی ڕاشکاوانەی ماددەکانی ٥ و ٢٥ی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و ماددەی ١٠ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە ڕێزگرتن لە کەرامەتی بەندکراوان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.