کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەقز ژمارەیەک لە دووکانەکان بەهۆی مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانانەوە پلۆمپ کران

09:52 - 30 خەرمانان 2726

دوای مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە دەیان شاری کوردستاندا، ژمارەیەک دووکان لە شاری سەقز لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکان و ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە پلۆمپ کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، تا ئێستا ژمارەیەک دووکانی کاسبکاران و بازاڕییانی سەقز لەلایەن «ئیدارەی چاودێریی شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی ئینتزامیی شاری سەقز»ەوە داخراون.

لە پەڕەیەک کە بەسەر دەرگای ئەو دووکانانەدا دراوە، نووسراوە: «پلۆمپ؛ ئەم یەکە پیشەییە بەهۆی ڕەچاونەکردنی یاساکانی سیستەمی سێنفییەوە تا کاتێکی نادیار داخراوە».

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، لە دەیان شار لە چوار پارێزگای سنە، ورمێ، کرماشان و ئیلام، بەدوای بانگەوازی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنی و هەڕەشە حکوومەتییەکان، مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو.

شایانی باسە ناوەندە بە ناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی پێش ئەو مانگرتنەدا، بە هەڕەشەکردن لە کاسبکاران و ناردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز، هەوڵیان دا ڕێگری لە پەرەسەندنی مانگرتنەکە بکەن.

هەر لەو پێوەدنییەدا، هەتا ئێستا دەیان هاووڵاتیی کورد لە شنۆ، مەهاباد، کامیاران و قوروە لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.