کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییان درێژەی هەیە

09:40 - 30 خەرمانان 2726

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند لاوێکی دیکە لە سنە، کامێران و میاندواو دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی خەرمانان، کاروان سووری، مێرمنداڵی ۱۷ ساڵانی کورد بە هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە میاندواو بۆ سەر ماڵەکەیان لە ئاوایی «شین ئاوا» دەسبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم مێرمنداڵەدا، هەوڵی پشکنینی ماڵی بنەماڵەکەشیان داوە و بە تۆمەتی «پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لەلایەن ئەم هێزانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو لاوە کوردە، پێشتریش دوای چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا، ئازاد کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی نیما ئەحمەدی، خەڵکی شاری سنە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سێ حەفتە پێش ئێستا، نیما ئەحمەدی خەڵکی شاری سنە لە گۆڕەپانی ئێقباڵی ئەو شارەدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانان، «هاوڕێ یووسفی»، قوتابیی ١٧ ساڵەی خەڵکی ئاوایی «ئەڵک» سەر بە شاری «کامێران»، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕێژیمەوە بۆ سەر ماڵی باوکی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەو