میدیا خوێندکارییە سەربەخۆکان ئاماری نوێیان سەبارەت بە دۆخی مەترسیداری زیندانییانی سیاسی بڵاو کردەوە و هۆشدارییان دا کە لانیکەم پێنج خوێندکاری ناڕازیی زانکۆکانی ئێران بە تۆمەتی "ئەمنییەتیی میللی" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەیاندان.
بەپێی ڕاپۆرتی "خەبەرنامەی ئەمیرکەبیر"، ئومیدڕەزا حەیدەری، (١٩ ساڵە) بە تۆمەتی هاندانی خەڵک، بێڕێزی بە ڕێبەری ڕێژیم و چەندین تۆمەتی دیکە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
هاوکات نەجمە ئەمینی (٢٣ ساڵە) دوای هەشت مانگ بەندکران بە تۆمەتی "جنێودان بە پەیغەمبەر" لە مەشهەد حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
لەلایەکی ترەوە، سپێهر ئەمیرزادە (٢٣ ساڵان و خوێندکاری پزیشکی) و ئارمین نوورمحەممەدی (٢٧ ساڵە) بە تۆمەتی "موحاربە" سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها ئێحسان فەریدی (٢٢ ساڵە) بە تۆمەتی "افساد فیالارض" سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕدراوەتەوە و داواکاریی پێداچوونەوەکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم ڕەت کراوەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتەکانی ئەمنییەتیی میللی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و دەسبەسەرکردنی خوێندکاران و چالاکوانان بەکار دەهێنێت.