ڕۆژی دووشەممە ۲۳ خەرمانانی ۱٤۰٥، سەید سەلاح سەید حوسێنی باوکی پێشمەرگەیەکی کوردستان، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە، لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کەسێکی حیزبی و نیشتمانپەروەر بووە و لەنێو خەڵکدا خۆشەویست و جێگای ڕێز بووە.
کوڕێکی کاک سەلاح بە ناوی سەید بەهمەن سەید حوسێنی پێشمەرگەی کوردستانە و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خزمەت دەکات.
ناوبراو ئەو کاتەی لە سەردانیکردنی کوڕە پێشمەرگەکەی گەڕابوویەوە ڕۆژهەڵات، لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە و لەسەر سنوور بەبێ هۆکار دەسبەسەر دەکرێت و جاری یەکەم بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ ڕایدەگرن و دوای ماوەیەکی دیکە لە مەهاباد دیسان دەسبەسەر کراوەتەوە و ماوەی چوار مانگ ڕاگیراوە و لە ماوەیەدا و دوای ئازادکرانی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە.
ناوبراو هەموو کات شانازیی بە کوڕە پێشمەرگەکەیەوە دەکرد و ئاواتی هەرەبەرزی، ئازادی و سەربەستیی نیشتمانەکەی بوو.
تەرمی ناوبراو لە شاری مەهاباد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئەو شارەدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.