کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە هێرشی ناڕەوای تاقمێکی ناسراو بۆ سەر باوکی شەهید ژینا ئەمینی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێک هێرشی ناڕەوای تاقمێکی ناسراو بۆ سەر کاک ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینای شەهید و بنەماڵەی بەڕێزیان دەستی پێ کردووە.
بنەماڵەی «ژینا» و باقیی شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ئازادی، مایەی شانازیی نەتەوەکەمانن. پارێزگاری لە بەهاکانی «ژن، ژیان، ئازادی»، خاوەندارێتییە لە بەهاکانی بزووتنەوەی کوردستان. «ژینا»ش کە بووەتە ڕەمزی بزووتنەوەکە، لای کوردستانیان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران خاوەن پێگەیە و پارێزراوە. بۆیە ئەم جۆرە هێرشانە شتێک لە پێگەی ئەوان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو دەبنە هۆی یەکڕێزی و هاوخەباتیی زیاتری نەتەوە ئازادیخوازەکانی ئێران کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و حکوومەتێکی گەلی ئامادەی قوربانیدانن.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥