کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یاسایی یەمەن: کۆماری ئیسلامیی هۆکاری هێرشی حوسییەکان بۆ سەر عەرەبستانە

15:17 - 29 خەرمانان 2726

دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی پشتگیریی سەربازی لە حوسییەکان، بە بەرپرسی هێرشی ئەم دواییانەی ئەم گرووپە بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی زانی و لەوبارەوە هۆشداریی دا.

وەزارەتی دەرەوەی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانان، هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی گرووپی حوسییەکانی بۆ سەر ڕیاز و هەوڵدان بۆ ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان لە بیشە، تائیف، دوورگەکانی فەرسان و یونەبەع، بە توندترین شێوە مەحکووم کرد.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی یەمەندا هاتووە کە ئەم هێرشانە «پێشێلکاریی ئاشکرا»ی سەروەریی عەرەبستان و هەڕەشەن بۆ سەر ئەمنییەتی مەدەنی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەم وەزارەتخانەیە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی «بەردەوامیی پشتگیریی سەربازی» و دابینکردنی تواناکانی پێویست بۆ هێرشەکانی حووسییەکان، بەرپرسیارە لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی عەرەبستان.

دەوڵەتی یەمەن هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە عەرەبستان و هاوپەیمانیی سەربازیی بە ڕێبەریی ئەم وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان، پاراستنی سەروەریی عەرەبستان و دابینکردنی ئەمنییەتی هاووڵاتییان ئەنجامی دەدەن، دەربڕی.

لەکاتێکدا حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە «ناوەندە هەستیارەکان»ی عەرەبستانیان لە ڕیاز و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتیی ئارامکۆیان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج، هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەریی عەرەبستان ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە هێرشی مووشەکی بالستیک و دڕۆنی ئاراستەکراو بەرەو ڕیازیان تێکشکاندووە.

هەروەها هەواڵدەریی ئێمارات، «ئەلعەین» ڕایگەیاند کە کارناسانی سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانەدا، سەردانی ناوچە ستراتێژییەکان وەک بابو‌لمەندەب، کەناراو و فڕۆکەخانەی مەخا و دوورگەی زووقەڕیان کردووە.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک گرینگترین پشتیوانی دەرەکیی حوسییەکان هەژمار دەکرێت کە بە هێرشی دڕندانە و بە شێوەی نایاسایی، سەنعا و بەشە گەورەکانی باکوور و ڕۆژاوای یەمەنیان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.