کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی لاوان بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشێلکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی

18:09 - 29 خەرمانان 2726

لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و لێدانی زەنگی قوتابخانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی تر پرۆسەی بەسیستەمکراوی شۆڤێنیزمی زمانی و بێبەشکردنی ملیۆنان منداڵ و لاوی کورد لە مافی بنەڕەتیی خوێندن بە زمانی دایکی، دەست پێ دەکاتەوە. قوتابییانی کورد لە یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەوە دەخرێنە بەرانبەر سیاسەتێکی ڕوونی ئاسیمیلاسیۆن و فەرهەنگکوژی؛ سیاسەتێک کە تێیدا زمانی سەپێندراوی فارسی دەکرێتە تاقە ئامرازی فێربوون و زمانی کوردی کە ناسنامە و ڕۆحی گەلەکەمانە، لە سیستەمی پەروەردەدا قەدەغە و پەراوێز دەخرێت.

ئەم ڕێگرییە بەمەبەستەی لە خوێندن بە زمانی دایکی دەکرێت، تەنیا پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی منداڵ نییە، بەڵکوو ستەمێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە بۆ کاڵکردنەوەی ئاگایی نەتەوەیی و دابڕاندنی نەوەی نوێی کورد لە مێژوو، فەرهەنگ و ئەدەبی دەوڵەمەندی خۆی. ڕێژیم هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دەزگای پەروەردەوە شۆکێکی دەروونی و زمانی بەسەر منداڵانی ئێمەدا بسەپێنێت، تا لە بەرانبەر سیستەمی ناوەندگەرادا هەست بە کەمی و بێدەسەڵاتی بکەن و ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان لەبیر بچێت.

ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم سیستەمە سەپێندراوە نامرۆڤانەیە، ورەی بەرز و خۆڕاگریی بنەماڵەکان، مامۆستایانی دڵسۆز و چالاکوانانی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە هەمیشە ماڵەکانیان کردووەتە سەنگەری پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردی. جەخت دەکەینەوە کە زمانی دایکی هێڵی سووری ناسنامەی نەتەوەییمانە و هیچ سیاسەتێکی سەپێندراو و هیچ قەدەغەکارییەک ناتوانێت بڕوا و خۆشەویستیی لاوان و قوتابییانی کورد بۆ خاک و زمانی دایکیان کاڵ بکاتەوە و خەباتمان بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان، بەتایبەتی مافی ڕەوای خوێندن بە زمانی دایکمان، بەردەوام دەبێت.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی