بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵیادی تێرۆری د. سادق شەرفکەندی و هاوڕێیانی، شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و ساڵیادی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەرمانان، وێبینارێک بە بەشداریی د.جەواد دانشپەژوو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە هاوکاریی کۆمیتەکانی حیزب لە ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتی کانادا و ڕۆژاوای کانادا و هەروەها بە بەشداریی ئەندامان و هاوڕێیانی حیزب لە ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتی کانادا و ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو.بەڕێوە چوو.
بەڕێوەبەری وێبینارەکە، سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا بوو. لە سەرەتای وبینارەکەدا، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و بە کورتی ئاماژەی بە بابەت و ئامانجی بەڕێوەچوونی وبینارەکە کرد.
لە دەستپێکی وێبینارەکەدا، د.جەواد دانشپەژوو باسێکی بەرفراوان و پڕناوەڕۆکی لەسەر تێرۆری نێودەوڵەتی، بە تایبەتی تێرۆری ڕێبەرانی شەهید، و هەروەها ئەو تاوانانەی کرد کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی دەسەڵاتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە ئەنجام دراون.
د. جەواد لە بەشێکی گرنگی باسەکەیدا سەرنجی خستە سەر ڕێکارە یاساییەکان و ئەو ڕێگایانەی کە دەتوانرێت بە پشتبەستن بە بەڵگە و شایەتییەکان، کەیس و دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە تێرۆر و تاوانەکان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و دادگا تایبەتییەکانی وڵاتاندا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە دەرەوەی وڵات ژمارەیەکی زۆر پارێزەری کورد هەن کە دەتوانن بە ڕێکخستنی کارێکی یاسایی، کۆکردنەوەی بەڵگە و شایەتییەکان و ئامادەکردنی دۆسییە، یارمەتی بە بەدواداچوونی هەندێک کەیسی پەیوەندیدار بە تێرۆر و تاوانەکان بدەن.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا، د.جەواد جەختی لە گرنگیی بەدواداچوونی یاسایی کردەوە و ڕوونی کردەوە کە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی تێرۆر تەنیا بەوە کۆتایی نایەت کە ئەندامانی دەزگاکانی ئەمنییەتی ڕێژیم دەسبەسەر یان دادگایی بکرێن؛ بەڵکوو پێویستە بەڵگە و زانیارییەکان بە شێوەیەکی یاسایی کۆ بکرێنەوە و دۆسییە لەسەر ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تاوانەکانەوە هەیە، لەو وڵاتانەی کە سیستەمی دادوەری و دادگا سەربەخۆیان هەیە، تۆمار و بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
لە کۆتایی وبینارەکەدا، د.جەواد دانشپەژوو وڵامی پرسیارەکانی بەشداربووانی دایەوە. بەشداربووانیش پرسیار و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ڕێکارە یاساییەکان و شێوازی تۆمارکردنی کەیس و سکاڵا لەسەر تاوانەکان، بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، خستە ڕوو.