کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هاووڵاتییەک دەسبەسەر و چارەنووسی چەند هاووڵاتییەکی دیکە نادیارە

13:08 - 26 خەرمانان 2726

لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، ڕایگەیاند: سدیق نادری، خەڵکی شاری جوانڕۆ، کە ماوەی ١٥ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، لەسەر چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی "خۆڕاگری"، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دیواندەرە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دونیا وەیسی، تەمەن ٣٠ ساڵان و خەڵکی ئەو شارە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە و بێسەروشوێن کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "خۆڕاگری"، سەعدوڵڵا شەفیعی، خەڵکی شاری کامێران، پاش ئەوەی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە کراوە، هەر لەوێ و بەبێ بەڵگەی یاسایی و هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەسبەسەر کراوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەو ماڵپەڕە، ژمارەیەکی زۆر لە ماشینەکانی وەزارەتی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیم، گەڕەکی «بێعسەت»ـی شاری کامێرانیان گەمارۆ دا و کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ١٨ی خەرمانان، کەوتنە شوێن سیروان حەبیبی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان ڕفاندوویانە و تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لاوێکی خەڵکی ئاوایی "کانی سپی" سەر بە شاری شنۆ بە ناوی عەبدولباست باپیری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "هەنگاو"، ئەحمەد حاجی‌پوور، خەڵکی شنۆ، بە بەکارهێنانی توندوتیژیی لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستاندا، ٥ هاووڵاتیی شنۆیی، ٢ لاوی مەهابادی و ٢ کەسی خەڵکی سنە دەسبەسەر کراون.