کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سامانەی "علاج"؛ پڕۆژەی نوێی ڕێژیم بۆ درێژەدان بە سەرکوتی دەرەوەی وڵات

16:12 - 25 خەرمانان 2726

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران دەستپێکردنی کارەکانی سیستەمێکی ئینتێرنێتییان بە ناوی "علاج" ڕاگەیاند؛ پڕۆژەیەک بە شێوازی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئامانجەکەی ناسینەوە، دروستکردنی فایلی سیخوڕی و گوشارخستنە سەر چالاکوانان و ڕەخنەگرانی ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات.

بەڕێوبەرانی ئەم سامانەیە کە نەیارانی ڕێژیم لە دەرەوە بە دژەئێرانی" ناودێر دەکەن، ڕایانگەیاندووە بە مەبەستی "تەنگپێهەڵچنین و بڕینی دەستڕاگەیشتنی دارایی، پەیوەندی و ڕاگەیاندنی"، بە بەردەوامی چاوەدێریی چالاکوانان دەکەن.

"علاج" داوای لە خەڵک کردووە لە ڕێگەی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاری و ناسنامەی نەیارانی ڕێژیمیان بۆ بنێرن؛ هەنگاوێک کە شارەزایان بە سازوکارێک بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر یەکترەوە وەبەرچاوی دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پڕۆژەکە لە سێ بەشی سەرەکیی "چاوەدێریی بەردەوامی میدیاکان"، "وەرگرتنی ڕاپۆرتی جەماوەری" و "بەدواداچوونی کەسانی ئامانج" پێکهاتووە و تا ئێستا وێنە و زانیاریی دەیان چالاکی سیاسی و ڕاگەیاندندکار لەسەر پەڕەکەیدا بڵاو کراوەتەوە.

چاوەدێران جەخت دەکەنەوە کە نەبوونی ڕوونیی یاسایی و دیارینەبوونی هیچ دامەزراوەیەکی بەرپڕسیاری فەرمی، نیشان دەدات کە ئەم پڕۆژەیە درێژەی هەمان سیاسەتی "سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان" و هەوڵێکە بۆ تۆقاندنی ئۆپۆزسیۆن، دوای بەهێزبوونی جووڵانەوەکانیان لە دەرەوەی وڵات.