ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەمریکا، بریتانیا و هولەند لە هۆشدارییەکی هاوبەشی سایبێریدا ڕایانگیاند، هەکێرە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ڕێژیمی ئێران بەرنامەی زیانبەخشە (بدافزار) مەترسیدارەکانی وەک "CHOSEN BRICK" و "HEAVYGRAM"یان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و نەیارانی ڕێژیم لە ئاستی جیهاندا بەکار هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن پلیسی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی لەندەن و ئامستردام بڵاو کراوەتەوە، تۆڕە سایبێرییەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی فێڵی پەیوەندیکردن لە واتساپ و تێلێگرام و ناردنی فایلی ئالوودە بە ناوی بەرنامەی فەرمی یان بەڵگەنامەی پزیشکی، دەستیان بەسەر ئیمەیل، پەیام و میکرۆفۆنی ئامێرەکاندا گرتووە.
ئەم سێ وڵاتە هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی ئەم زانیارییە دزراوانە لە چوارچێوەی "سەرکوتی دەرەوەی وڵات"دا بۆ ڕفاندن، تێکدانی ئەمنییەتی کەسی و ئەنجامدانی کردەی توندوتیژانە دژی دژبەرانی بەکار دەهێنێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی سامانەی "علاج" لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، کە ئامانجی ناسینەوەی نەیارانی کۆماری ئیسلامییە لە دەرەوەی وڵات و خستنەژێر گوشاری دارایی و ڕاگەیاندنییان.
ناوەندە ئەمنییەتییە نێودەوڵەتییەکان داوایان لە چالاکوانان کردووە وشیاریی ئەمنییەتی دیجیتاڵیی خۆیان بەرز بکەنەوە.