مایک هاکبی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باری سەربازی و ئابوورییەوە لە لاوازترین دۆخی ٤٧ ساڵ و نیوی ڕابردوویدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت.
مایک هاکبی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واینێت" جەختی کردەوە کە بڕیاردان لەسەر بەردەوامیی کردەی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە واشنگتۆن و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەدرێت.
هاکبی سێ مەرجی وەک مەرجەکانی سەرکەوتنی ئەمریکا دیاری کرد کە بریتین لە: "ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز".
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری سنووردارکردنی توانای مووشەکیی ئێران کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا مەوداکەی بۆ ٤١٠٠ کیلۆمتر زیادی کردووە.
باڵوێزی ئەمریکا هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامی بە بێ سەکۆی بنکەی دەریایی دەتوانێت زۆربەی پایتەختەکانی ئورووپا بکاتە ئامانج و سەرسووڕمانی خۆی لە نەبوونی کاردانەوەی بەهێزی ئورووپا دوای پێکرانی قێبرس دەربڕی.
لە کۆتاییدا هاکبی ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی تاران تەنیا بۆ ئیسرائیل نین، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی ئەمریکایە و هاوکارییەکانی واشنگتۆن لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرژەوەندی دابینکردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی خودی ئەمریکادایە.