لەنێوان ڕۆژانی ۲۳ و ۲٤ی خەرماناندا و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دوو شاری شنۆ و مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری هاووڵاتییان و بە لانیکەمەوە ۷ کەسیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆ بە هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییان و بەکارهێنانی توندوتیژی، ٥ هاووڵاتی و دوکانداریان دەسبەسەر کردووە.
ناسنامەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ بریتییە لە "فەخرەدین ئیبراهیمی" (بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کوڕی بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو مەحیەدین ئیبراهیمی) بە هاوڕێیەتیی ٤ کاسبکار و بازاڕیی تری شارەکە بە ناوەکانی "قادر عەبدوڵڵاهی"، "سۆران بایزیدی"، "ڕەحیم ئەرشەدی" و "ڕەزا دەیان".
هاوکات لە شاری مەهابادیش هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات دوو هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان هاووڵاتییەک بە ناوی "هیوا عەبدوڵڵاهی" لە شوێنی کارەکەی و ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانانیش هاووڵاتییەک بە ناوی "حاسڵ فەقری" (تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی کەرێزەی شێخان) لە ماڵەکەیدا بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم ۷ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.
زۆربەی ئەو دەسبەسەرکرانە بەربڵاوە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانان لەدوای بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەنجام دراوە و لەو پەیوەندییە پێشتریش دوو هاووڵاتی لە سنە بە ناوەکانی "جەلال خودامرادی" و "موحسێن حوسێنپەناهی" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرابوون.