لە درێژەی هێرشی سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە هێرشی دڕۆنی کرایە سەر بەرزاییەکانی بالیسان لە باشووری کوردستان.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی خەرمانان، کاتژمێر ٣ و ٥٠ خولەک، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دڕۆنێک بەرزاییەکانی بالیسانی لە باشووری کوردستان کردە ئامانج و بە خۆشییەوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هەروەها دوێنی دووشەممە ٢٣ی خەرمانان، بە ٤ مووشەک شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەڤەری سلێمانی کرایە ئامانج.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا هێرشەکانی دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چڕتر کردووەتەوە، کە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان مان بگرن و دووکان و بازاڕەکان دابخەن.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١٥٧ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.