"بەرەی نەتەوەکان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس" (پیام جبهە ملل برای حق تعیین سرنوشت “ایران”) پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ۲۵ی خەرمانان ڕاگەیاند و داوای یەکگرتوویی خەڵکی کرد.
بەرەی نەتەوەکان لە پەیامێکدا بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانی ڕەوایی و دابڕانی نێوخۆیی بووە و سیاسەتی سەرکوتکاری و لەسێدارەدان، نیشانەی ترس و تۆقینی ڕێژیم لە ئیرادەی نەتەوەکانی ئێرانە.
ئەم بەرەیە جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە ڕۆژانی کۆتایی خۆی و لەم بارودۆخە هەستیارەدا فراوانکردنی خەباتی مەدەنی و بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نەتەوە بندەستەکان زەروورەتێکی مێژووییە.
بەپێی پەیامەکە، مانگرتنی سەرانسەریی ۲۵ی خەرمانان جگە لە ڕێزلێنان لە یاد و ڕێبازی ژینا و شەهیدانی ئازادی، پەیامێکی ڕوونیشە کە دەڵێ سەردەمی سەرکوت و ئینکارکردنی مافی نەتەوەکان بەسەر چووە.
بەرەی نەتەوەکان داوای لە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکان کرد بە بەشداریی چالاکانەیان لەم مانگرتنەدا، ئیرادەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕابگەیەنن و ڕووبەڕووی داگیرکەران ببنەوە.