کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر کوردستان لە ساڵیادی شەهیدکرانی ژینادا

11:10 - 24 خەرمانان 2726

لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەشێکی ئەمنییەتی- سەربازیی بەسەر شاره‌کانی کوردستان، بەتایبەت سەقز، سنە و دێولاندا سەپاندووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژ تا چوارەمین ساڵیادی "ژینا ئەمینی"، ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە زیاترکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی لە مەیدانە سەرەکییەکانی وەک "ئازادی"، "جومهووری"، "قودس" و "پارکی مەولەوی" و... لەگەڵ دانانی دەیان کامێرای چاوەدێری لە ئارامگەی "ئایچی و ناوچە جیاوازەکان، کەشێکی ئەمنییەتی سەپاندووە.

دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیم گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدان زۆرتر کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون تا لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیاد و بڵاوکردنەوەی بانگەواز خۆ بپارێزن.

بەڵام بنەماڵەی ژینا و شەهیدانی دیکەی کوردستان ڕەتیان کردووەتەوە تەسلیمی ئەم هەڕەشانە ببن و جەختیان لەسەر ئامادەبوون لەسەر مەزارەکان کردووەتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە سەپاندنی کەشێکی ئەمنییەتی و جێگربوونی هێزەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، لەوانە سنە و دێولان دەکەن.

ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا بە مێلیتاریزەکردن، دەسبەسەرکردن، هەڕەشە و دانانی کامێرای چاوەدێری لەسەر مەزاری ژینا ئەمینی، لە هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئەو تاوانە بووە، بەڵام مەزاری ژینا وەک هێمای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە سەنگەری بەڵێن نوێکردنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم.