مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" ڕایگەیاند، ئەو خۆڕاگرییەی بە مەرگی ئەو دەستی پێکرد، سەرەڕای سەرکوتکارییەکان هێشتا بەردەوامە.
ساتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن پێکهاتە و پارێزگا جیاوازەکانەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافی یەکسان سەری هەڵدا، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەجێی وڵامدانەوە، پەنایان بردە بەر سەرکوتکاریی خوێناوی؛ شێوازێک کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤یشدا دووبارەیان کردەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە سەپاندنی باڵاپۆشیی زۆرەملێ بەردەوامە و ڕێژیم لە ڕێگەی داخستنی شوێنە گشتییەکان و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانەوە گوشارەکانی چڕ کردووەتەوە.
ڕیپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا کە ژنان و کچان هێشتا پێداگرانە داوای مافی بڕیاردان لەسەر پۆشاک و شێوازی ژیانی خۆیان دەکەن و "ئەم مافانەش بۆ هەمیشە ناکرێت پەراوێز بخرێن."
ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن ۲۲ ساڵی خەڵکی سەقز، لە خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و گیانی لەدەست دا، کە بەو هۆیەوە شۆڕشێکی سەرتاسەری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد.