خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی کوردستان!
خوشک و برا ئازیزەکانم!
چوار ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، ئێوە گەلی ڕۆڵەکوژراو و ماف پێشێلکراوی دەستی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمی ئازادیکوژ و دژەمرۆڤ؛ لە تۆڵەی خوێنی بەناحەقڕژاوی ژینا ئەمینی بە دەستی بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە لە تاران، مانگرتن و ڕێپێوانێکی سەرانسەریتان دەست پێکرد کە بوو بە هەوێنی ڕێپێوانی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران و تەنانەت هەموو دنیا و، بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) کە ئێستاش وێردی زمانی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە لە سەرانسەری جیهاندا.
پەیامی ڕوونی بزووتنەوەی ژینا بۆ حکوومەتی سێدارە لە تاران، بریتی بوو لە دەربڕینی ڕق و بێزاریی پەنگخواردووتان لە زیندانیکردن، ئێعدام، کوشتن و سووکایەتیکردن بە ڕۆڵە خۆشەویستەکانتان، کە خواستیان ئازادی و ڕزگاری نەتەوەکەیان و هەموو خەڵکی ئێران لە چنگی خوێناوی ئەو ڕێژیمەیە و، هاواری مافخوراوی و زوڵملێکراوییان بە گوێی هەموو دنیا.
ئێستاش کاتی ئەوەیە کە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ ی خەرماناندا و لە چوارەمین ساڵڕۆژی ئەم بزووتنەوەیەدا، هاودەنگ لەگەڵ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، داواتان لێ دەکەم هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی ئازیز لەو ڕۆژەدا بە مانەوە لە ماڵەکانتان و نەچوونەوە بۆ شوێنی کار، لە مانگرتنێکی گشتگیردا بەشدار بن و، بەم کردەوە نیشتمانییە جارێکی دیکە بە ڕێژیمی شەڕ و برسیەتی بڵێن کە ژینا و ژیناکان لە دڵماندا زیندوون. ئێمە نە فیداکاری و خوێنی شەهیدەکانمان لەبیر دەچێتەوە نە جینایەت و خوێنڕشتنەکانی ئێوە.
سەرکەوتن بۆ ئێوە گەلی سەرفیراز
بەردەوام بێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥