دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە ٢٥ی خەرمانان لەلایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە، “ستادی قەیرانـ”ـی ڕێژیم لە سەقز و چەند شارێکی دیکە بەپەلە هەموو سەرۆک پیشەکانی ئەو شارەیان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون.
لەو بانگکرتنەکەدا، ستادی قەیرانی ڕێژیم هەڕەشەیان کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ مانگرتن بەڕێوە بچێت و دەبێ هەموو دووکانداران ئاگادار بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەر لە ئێستاوە ترسیان لێنیشتووە و هێزی یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان شپرزەیی و ترسی خستووە دڵی ڕێژیمەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ولاتیش لە شراەکانی کوردستان، بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە. ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ جاوترسێنکردنی خەڵک و بەشدارینەکردنیان لە مانگرتنەکەی ڕۆژی ٢٥ خەرمانانە.
شایانی باسە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەمیشە بەدەم بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتوون و بە مانگرتنی گشتی، چەندین جار "نا"یان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وتووەتەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای لە هەموو خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازان کرد کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیاندا پەیوەستی ئەم مانگرتنە گشتییە بن و هەمووان پێکەوە بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو دووپاتی بکەینەوە کە گەلەکەمان لە هەر دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و هەرگیز تەسلیمی زوڵم نابێت.