کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کریس ڕایت: ئەرتەشی ئەمریکا ڕێگە بە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی نادات

14:18 - 23 خەرمانان 2726

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە بەرەبەرەی کۆنفرانسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەن هۆشداریی دا کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران "بە هەر ڕێگەیەک بێت" کۆتایی پێ دێت و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنگتۆن دانوستانی پێ باشترە، بەڵام ڕێگە بە تاران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ڕایت لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "بلومبێرگ" ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییە شاراوەکەی بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی ئەرتەشی ئەمریکا دەبێتەوە؛ ئەرتەشێک کە ڕێگەگرتن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی مسۆگەر دەکات."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە حەفتەی ڕابردوو شۆرای حوکامی ئاژانس، دۆسییەی پێبەندنەبوونی ئێرانی ڕەوانەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بە جووڵە نوێیەکان لە سایتە ژێرزەوییەکەی "کێوی پیکاکس" کرد کە پێشتریش ترامپ سەبارەت بە جموجۆڵەکان لەو سایتە هۆشداری دابوو.

ڕایت سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی گەرووی هۆرمۆز لەنێوان ڕێژیمی ئێران و عومان وتی: "لە بارودۆخی ئێستادا، پشتبەستن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هیچ جۆرێک بژاردەیەکی دروست نییە و بازاری وزە دەبێ جارێ پشت بە ڕێڕەوی جێگرەوە ببەستێت".

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل داوای هەڵوەشاندنەوەی سانتریوفیوژەکان و ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەکەن و واشنگتۆن ئامادەیە سووتەمەنیی ئەتۆمیی پێویست بۆ ئێران لە دەرەوە دابین بکات.