دەزگای ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی کۆمیتەی ئینزیباتییەوە گوشارەکانی بۆ سەر بزووتنەوەی خوێندکاری توندتر کردووەتەوە و لە تازەترین پێشێلکارییدا، دۆسییەی سزادان بۆ ٤٠ خوێندکاری زانکۆی تاران پێکهێنراوە و حوکمی دەرکردنی دوو خوێندکاریش پەسەند کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئەم ڕێکارە سەرکوتکەرانەیە لە پەیوەندی لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودایە.
بەرپرسانی زانکۆ بە تۆمەتی بێڕێزیکردن و سووتاندنی ئاڵا، دۆسییەی سزادانیان بۆ ٤٠ خوێندکار ئامادە کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، لێژنەی پێداچوونەوەی زانکۆی تاران حوکمی دەرکردنی یەکجاریی بۆ دوو خوێندکار بە ناوەکانی "مەهیار ئیفتخاری" و "ئەمیرئەحمەد کەریمی" پەسەند کرد، بە بێ ئەوەی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ٣٨ خوێندکارەکەی تر بڵاو بکاتەوە.
کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ۱۴۰۴ کاتێک تەقینەوە کە زانکۆکان پاش خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی بەفرانبار کرانەوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان لەجێی وڵامدانەوەی داواکارییە ڕەواکانی خوێندکاران، پەنایان بردووەتە بەر سزادانی سیستماتیکی وەک دەرکردن و بێبەشکردنی سەرەڕۆیانە لە خوێندن.