لە بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند «گەورەترین بنکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە دەرەوەی ئێران، واتە توونێلەکانی عەلی ئەلتاهیر لە لوبنانی لەناو برد».
بێنیامین نێنتانیاهوو ئێوارەی پێنجشەممە، ١٩ی خەرمانان، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێڕای باسکردن لە لەنێوبردنی ئەو توونێلە نووسیویەتی: «لە هەوڵی تەواوکردنی ئەركەکەمانداین».
نێنتانیاهوو هەروەها لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، وێرانکردنی توونێلەکانی عەلی ئەلتاهیریان، بە «ژێرخانێکی تێرۆریستیی ستراتێژی» ناو برد و ڕایانگەیاند کە ئەم دامەزراوەیە «لە ماوەی دوو دەیەدا بە بودجە و پلاندانانی ئێران دروست کراوە».
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە وێرانکردنی ئەم دامەزراوەیە «دەسبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی بەسەر زنجیرەچیاکانی عەلی ئەلتاهیر، چ لە ڕووی زەوییەوە و چ لە ژێرزەوییەوە تەواو دەکات».
هەواڵدەرییە فەرمییەکانی لوبنانیش دەنگی «تەقینەوەیەکی گەورە»یان لە چیاکانی عەلی ئەلتاهێر لە باشووری لوبنان پشتڕاست کردەوە.
پێشتریش ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە زەنجیرە توونێلەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەرزاییەکانی عەلی ئەلتاهێردا بە بەکارهێنانی زیاتر لە هەزار و ١٠٠ تۆن ماددەی تەقینەوە وێران کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٥ دەیەیە تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیدا هەموو تێچوویەکی حیزبوڵڵای لە سامانی خەڵکی هەژار و کەمداهات لە ئەستۆ گرتووە.