شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، دۆسییەی ئەتۆمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی پابەندنەبوون بە بەڵێنە پادمانییەکانەوە ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داوای لە تاران کرد "بەپەلە" کۆتایی بە پێشێلکاریی بەڵێنییەکانی خۆی بێنێت.
ئەم بڕیارنامەیە ڕۆژی چهارشەممە ١٨ی خەرمانان لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکام لە ڤییەن، بە ٢٣ دەنگی بەڵێ، ٣ دەنگی نەخێر و ٨ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.
بڕیارنامەکە داوای لە ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس کردووە کە ئەم پەسەندکراوە و بڕیارنامە پێشووەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بنێرێت.
هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس ڕاگەیاند کە ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان پێشنیاری ئەم بڕیارنامەیان کردووە و چین، ڕووسیە و نیجێرییە دەنگی نەخێریان داوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی ٣٥ کەسیش بەهۆی قەرزداریی داراییەوە مافی دەنگدانی نەبوو.
شۆرای حوکام لە بڕیارنامەی ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا، لە دوای پێشێلکارییە دووبارەبووەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هاوکاریی تەواو و لە کاتی خۆیدا سەبارەت بە ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان لە شوێنە ڕاگەیەنراوەکاندا بە نموونەی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتننامەی پادمان زانیبوو.
ڕێککەوتننامەی پادمان چوارچێوەیەکە بۆ چاودێریکردنی ئاژانس بەسەر ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکاندا، بۆ ئەوەی بتوانێت پشکنین بکات و بڕیار بدات کە ئەم ماددانە لە بەکارهێنانی ئاشتییانە لایان نەداوە.
شۆرای حوکام لە بڕیارنامەی ٢٠ی جۆزەردانی ئەم ساڵیشدا، بەردەوامیی چارەسەرنەبوونی حاڵەتەکانی پابەندبوونی ڕێژیمی ئێرانی خستە ڕوو و داوای کرد زانیاریی تەواو لەسەر هەبوونی ماددە ئەتۆمییەکان و دەستپێڕاگەیشتنی پشکێنەران بۆ ڕاستیدۆزی دابین بکرێت.
بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی هەوڵە شەڕەنگێزی و تێرۆریستییەکانیەوە مەترسیی لەسەر هەموو جیهان دروست کردووە و دەیان وڵاتی جیهانی لەمەڕ پێشگرتن بە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیم بە چەکی ئەتۆمی هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ.