هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) و سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان پێکان و بەئامانجگرتنی چەندین کەشتی و نەوتهەڵگری بازرگانیان لە کەنداو، دەریای عومان و ئاوە هەرێمییەکانی عێراق ڕاگەیاند.
دوێنێ چوارشەممە ۱٨ی خەرمانان، UKMTO ئاماژەی بەوە کرد چەندین کەشتی بازرگانی بە مەبەستی پەکخستنیان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا، کەوتوونەتە بەر دەستڕێژ.
لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، نەوتهەڵگری "نیو ئاندرۆس" بە ئاڵای پاناماوە کە هەڵگری دوو میلیۆن بەرمیل نەوتی کوورەی عێراق بوو لە نزیک بەندەری "ئەلعمەییە"ی بەسرە کەوتە بەر هێرشی دڕۆنی.
هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام بەبێ زیانی گیانی لەلایەن تیمی فریاگوزاریی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە ڕووداوێکی جیادا لە ۲٨ مایلی دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری "فاو"، نەوتهەڵگرێکی دیکە بە هاویشتنی هاوێژراوێکی نەناسراو پێکرا.
هاوکات لە نزیک بەندەری "ڕاشد"ی دوبەی، ڕاپۆرت لەسەر ئامانجگرتنی کەشتییەک و لاربوونی بەلایەکدا بڵاو کراوەتەوە.
لە هەمان ناوچە، نەوتهەڵگری "هەرکولس ستاری" جەبەلوتارق تووشی ڕووداوێک بوو کە بەپێی شیکارییە ئەمنییەتییەکان هێرشی دڕۆنی بووە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕۆنییەدا، خەدەمەیەکی کەشتییەکە کوژراوە و یەکێکی دیکەیان بێسەروشوێنە.
هێرش بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا لەکاتێکدایە کە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دەستپێکی شەڕەوە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان و شەوی ڕابردووش هەڕەشەی لە بەندەرکان و کەشتییەکان لە ناوچەکە کردبوو.