لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بەرزبوونەوەی ٣٠٠٪ی نرخی کاغەز و گرانیی ٢٠٠٪ی بەشێک لە کەلوپەلەکانی خوێندن (پێداویستیی نووسین)، تێچووی ئامادەکردنی قوتابییانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە و بازاڕی خستووەتە سستییەوە.
مەهدی کەڵانتەری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی کەلوپەلی خوێندنی ئێرانی بە "دیدەبان ئێران"ی ڕاگەیاندووە، نرخی کاغەز بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ تێچووی دروستکردنی دەفتەر و بەرهەمە کاغەزییەکانی بەرز کردووەتەوە.
بەوتەی ناوبراو، کەلوپەلەکانی دیکەش لانیکەم ٥٠٪ و هەندێکیان تا زیاتر لە ٢٠٠٪ گران کراون.
سەرەڕای ئەوەی ٦٠٪ی بازاڕەکە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نێوخۆوە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن لە وڵاتانی وەک چین، مالزی و ئەندۆنێزییەوە، نرخەکان ئاستێکی زۆر بەرزیان تۆمار کردووە.
دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان و ناڕوونی لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کلاسەکانی خوێندن، وای کردووە خێزانەکان کڕینی پێداویستییەکان دوا بخەن.
ئەم ڕەوشە بەرهەمهێنەرانی کیف، پێڵاو و پۆشاکی قوتابییانیشی ڕووبەڕووی نادیاری کردووەتەوە و سستییەکی قووڵی بەسەر بازاڕی وەرزیدا سەپاندووە.