شیکاریی شهش ساڵەی وێنە ماهوارەییەکان دەریدەخات کە چالاکیی لە کۆمەڵگەی ژێرزەمینیی کێوی پیکاکس، لە نزیک نەتەنز، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢۶دا گەیشتووەتە لووتکە و بەپێی وێنەکان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چالاکییەکانی لەو کۆمەڵگەیەدا چڕتر کردووەتەوە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی و نێودەوڵەتی CSIS، لەو شیکارییەی کە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان بڵاوی کردەوە، نیشان دەدات چالاکی لە ڕێگاوبانەکان و دەروازەکانی کۆمەڵگەی ئەتۆمیی کێوی پیکاکس بە بەراورد بە شەش ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.
ئەم ناوەندە بە لێکۆڵینەوەی وێنە ڕاداری و ڕووناکییە تۆمارکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە تاکوو ئێستا، سێ قۆناغی جیاوازی چالاکیی لە پێنج خاڵی سەرەکیی کۆمەڵگەکە و ڕێگەکانیدا ناسیوەتەوە.
بەپێی ئەم شیکارییە، دەروازەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کۆمەڵگەکە لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بەراورد بە سێپتامبری ٢٠٢٥ پتەوی و سەختیی زیاتریان هەبووە. بەهێزترکردنی دەروازەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواش هێشتا بەردەوامە.
پێشتریش ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا سانتێریفیوژەکان و کەرەستەکانی بۆ کێوی پیکاکس گواستووەتەوە.
شرۆڤەکاران بۆ ئەم کۆمەڵگەیە سێ ئەگەریان خستووەتە ڕوو کە ڕێژیمی ئێران لەو کۆمەڵگەیە یان بۆ کارگەی کۆکردنەوەی سانتێریفیوژ، ناوەندێکی ژێرزەمینی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم یان شوێنێک بۆ گواستنەوەی چالاکییە توێژینەوەییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی کەڵک وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەکان لە دوای ڕێککەوتننامەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا ڕێژیمی تاران بە خێراییەکی زۆرەوە چالاکییەکانی لەو کۆمەڵگەیە چڕتر کردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لەو ڕێککەوتنامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێت دۆخی ئێستای بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی بپارێزێت و لەوە زیاتر نەچێتە پێش.
ئیسرائیلیش چەند جار هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە ئەگەر لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەردەوام بێت، هێرشی توندی دەکەنە سەر.