کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستارانی کرماشان بەهۆی پێنەدانی مافەکانیان

14:51 - 18 خەرمانان 2726

کۆمەڵێک لە پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی لە کرماشان، لە ناڕەزایەتییەکی مەیدانیدا لە بەرانبەر زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، داوای جێبەجێکردنی داواکارییە دارایی و پیشەییەکانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا"، ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی خەرمانان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن پەرستاران و کادرەکانی تەندروستیی کرماشان لەبەردەم زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاڵەقانیی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، داوای باشترکردنی دۆخی بژێوی و چارەسەرکردنی کێشە پیشەییەکانیان کرد.

بە وتەی پەرستارە ناڕازییەکان، ماوەی نزیکەی ساڵێکە مووچەی پەیوەندیدار بە کارکردنی زیادەکارییەکانیان پێنەدراوە و سەرەڕای بەردەوامیی خزمەتگوزاری، کێشەی مافە ڕەواکانییان هێشتا چارەسەر نەکراوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕۆژی یەکشەممە ۱٥ی خەرمانانیش، ژمارەیەک لە پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی پارێزگای سنە لەبەردەم پارێزگاریی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

ناڕەزایەتیی ئەو پەرستارانەش دژی خراپیی دۆخی بژێوی، دواکەوتنی مووچە، کەمیی هێزی مرۆیی و نەبوونی بەڕێوەبەریی گونجاو لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکاندا بوو.