سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ئەمریکا لە ئۆردۆن و بەردەوامیی هێرشە دەریاییەکان، نرخی نەوتی خاوی برێنتی بۆ یەکەم جار لە ۲۴ی جولای بۆ سەرووی ۱۰۰ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی چوارشەممە ۱٨ی خەرمانان، نرخی مامەڵەکانی نەوتی برێنت دوای هەڵکشانی بۆ لووتکەی ۱۰۰.۱۹ دۆلار، کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بە جێگیربوونی لەسەر ۲.۰۵ لەسەد گەشە، گەیشتە ۹۹.۹۳ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوکات نەوتی خاوی تێگزاسی ئەمریکا ١.٦٠ لەسەد هەڵکشا و گەیشتە ٩٤.٥٢ دۆلار.
ئەم بازدانە دوای ئەوە هات کە ئێران لە وڵامی نوقمکردنی نەوتهەڵگرەکانیدا، هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئۆردۆن و کەشتییەکانی نزیک لە گەرووی هۆرمۆز و هاوکات لەگەڵ هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی "ڕیستاد ئێنێرژی"، ڕەوتی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هۆرمۆزدا لە ٨ بۆ ۹ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ کەمتر لە ۲ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە.
لە لایەکی دیکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات خستنەڕووی جیهانیی نەوت لەم ساڵدا بە ڕێژەی ۴.۳ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا (نزیکەی ۴ لەسەد) کەم ببێتەوە.