حکوومەتی بریتانیا ڕێوشوێنی نوێی بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە. بەپێی ئەم ڕێوشوێنانە، دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە سیستەمی دارایی بریتانیا زیاتر سنووردار دەکرێت و قەدەغەکردنە بازرگانییەکان فراوانتر دەبن.
هەواڵدەریی ڕویتێرز ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانان ڕاگەیاند ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە هەوڵێکی بەرفراوانی لەندەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی "چالاکییە دوژمنکارانەکانی" تاران.
بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکان، تەنانەت فڕۆکە ئێرانییەکان، جگە لەو حاڵەتانەی کە مۆڵەتی تایبەتییان هەیە، بۆیان نییە لە بریتانیا بنیشنەوە.
ستیڤن داتی، یەکێک لە جێگرانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە «هەنگاوەکانی بریتانیا بۆ سنووردارکردنی ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئێران دووقات دەکات» و دڵنیایی دا کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
لە هەمان کاتدا ئەمریکا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە «بە خێرایی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی بەڵێنییەکانی خۆی چارەسەر بکات و مۆڵەت بە ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی لادان لە ماددە ئەتۆمییەکان بدات».
پێشتریش بریتانیا هۆشداریی دابوو کە لەندەن سزای دارایی، وزە و گواستنەوە بەسەر ئەو پیشەسازییانەدا دەسەپێنێت کە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بەکار دەهێندرێن.
لە ئێستادا بریتانیا ٧٠ کەس و ڕێکخراوی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی سزا داوە.
شایانی باسە حکوومەتی بریتانیا لە ٤ی خەرماندا بەفەرمی پێشوازیی خۆی لە هەوڵەکانی واشنگتۆن بۆ زیادکردنی گوشارەکان دژی ڕێژیمی تارانی ڕاگەیاند.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە قەیرانی قووڵی دیپلۆماسیدایە و بە تەواوی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا گۆشەگیر و تەریک کەوتووەتەوە.