گۆڤاری ناسراوی «ئێکۆنۆمیست» لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا باسی لە گۆڕانی بنەڕەتی و لاوازبوونی پێگەی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین کرد و نووسیویەتی کە "بەرەی مقاومەت" بەرەو داڕمان و دوورکەوتنەوە لە تاران هەنگاو دەنێت.
لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە حیزبوڵڵای لوبنان بە سەرکردایەتیی نەعیم قاسم، بەراورد بە سەردەمی حەسەن نەسروڵڵا، پاشەکشێی گەورەی کردووە.
لەدەستدانی زۆرینەی چەک و تەقەمەنییەکان، گوشاری لێبڕاوانەی حکوومەتی لوبنان بۆ چەکداماڵین، لەدەستدانی فەرماندە و سەرکردایەتییەکەی وای کردووە کە ئێستا تاران تەنیا لە ڕوانگەیەکی حەیاتییەوە هەوڵی پاراستنی دەدات، نەک ستراتێژی.
ئێکۆنۆمیست لەو ڕاپۆرتەدا، باسی لە حوسییەکانی یەمەنیش کرد و جەخت دەکاتەوە کە ئەم گرووپە هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک سەربەخۆی بووە و هەرچەندە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و سعوودیە، بەڵام لە ئێستادا بە تەواوی گوێڕایەڵی تاران نییە.
هەروەها لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە عێراقدا، چەندین سەرکردەی شێعە جیاوازیی بیروڕاکانیان لەگەڵ تاران زیاتر بووە و زیاتر سەرقاڵی تێکەڵبوون بە هێزە فەرمییەکانی حکوومەتی ناوەندیی بەغدان و وەک ڕابردوو بڕیار لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەرناگرن.
گۆڤارەکە لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بە حەماسی فەلەستین کرد و نووسیویەتی: "بەهۆی سوننی مەزهەبیوونی ئەو گرووپەوە، بوونیان لە بەرەی مقاومەتدا نامۆیە؛ بە جۆرێک کە لە کاتی شەڕدا داوایان لە تاران کردبوو هێرش نەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی".
ئێکۆنۆمیست لە کۆتاییدا دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ناوچەیەدا بە ساڵانی کۆتایی یەکیەتیی سۆڤییەت بەراورد دەکات؛ کاتێک بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییە داراییەکانەوە وڵاتانی پەیوەست بەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی مۆسکۆ یەکە یەکە دوور کەوتنەوە و لێی جیا بوونەوە.
ئەو ڕاپۆرتە شیکارییە لە کاتێکدا باسی دوورکەوتنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە ڕێژیمی تاران دەکات کە دەسەڵاتدارانی تاران ساڵانە سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ پڕچەککردن و پشتیوانییە ماڵی و لۆجستیکییەکانی ئەو گرووپانە خەرج دەکات و هەموو سەرمایە و وزەی ئێرانی بۆ پشتیوانیکردنیان بە فیڕۆ داوە.