لە درێژەی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) نوقمکردنی پێنج نەوتهەڵگریی دیکەی ئێرانیی سەر بە سپای پاسدارانیان ڕاگەیاند؛ لە بەرانبەردا سپا جگە لە هەڕەشەکردن لە نەوتهەڵگرەکانی بەندەرەکانی کوەیت و بەحرەین، بە مووشەکی هێشوویی هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئۆردۆن.
سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند شەوی سێشەممە ۱۷ی خەرمانان، لە وڵامی هێرشی ناکامی مووشەکە بالستیکەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ناوگانەکانیان، پێنج نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوەکانی "کاویز"، "چارمینار"، "هورایزن ۱" و "ریسکو"یان لە دەریای عومان و نەوتهەڵگری "دەریا" لە نزیک دوورگەی خارک تێکشکاندووە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە سێنتکام لە ۱۴ی خەرمانانیشدا سێ نەوتهەڵگری دیکەی ئێرانی لە نزیک جاسک و خارک لەکارخستبوو.
فەرماندەیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بەبێ زیانی گیانی بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەر لە نوقمکردنی کەشتییەکان، بۆ چۆڵکردنیان هۆشدارییان بە خەدەمەکەیان داوە، تاکوو تۆڕە داراییە چەند میلیارد دۆلارییەکەی سپا پەک بخەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە بە مووشەکی هێشوویی "خەیبەرشکێن" هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەلئەزرەق"ی ئەمریکا لە ئۆردۆن، کە شوێنی ڕاگرتن و ئامادەسازیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایە.
لەوبارەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆردۆن ڕایگەیاند کە لە کۆی ۲۰ مووشەکی ئاراستەکراو، ۱۸ مووشەک لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنراون و دوو مووشەک لە ناوچەی چۆڵەوانی کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە، هێزی دەریایی سپای پاسداران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەکانی لە بەندەرەکانی کوەیت و بەحرەین کرد و داوای چۆڵکردنی دەستبەجێی خەدەمەکانیانی کرد.