کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکران و دۆسییەسازیی نادادپەروەرانە دژی ژنانی چالاک لە سنە

10:41 - 1 پووشپەڕ 2726

ڕاپۆرتەکان لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە ئاماژە بە پەرەسەندنی گوشارە ئەمنییەتییەکان و پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی ژنان دەکەن.

لەم پێوەندییەدا، دۆخی تەندروستیی "کەژاڵ ڕەحمانی"، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، بەهۆی ١٥ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسیدا، بە سێوەی بەرچاو تێکچووە.

ناوبراو لە ١٦ی جۆزەردانەوە لەگەڵ براکەی (دانیال) و هاوژینەکەی (عیسا فەیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو) بە شێوازێکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراوە و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دۆسییەسازی و گوشار بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، مانی لە خواردن گرتووە و تووشی دابەزینی پەستانی خوێن بووە.

هاوکات، "سوهەیلا مەتاعی"، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی دێولان، دوای بانگکرانی بۆ دۆسییەیەکی پەیوەست بە بەشداریکردن لە ڕۆژی جیهانیی ژن (٨ی مارس)، دەسبەسەر کرا و بۆ هەمان بەندی ژنان گوازرایەوە.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا و بە بێبەشکردنی لە مافی بەرگریکردن و پێداچوونەوە، سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپاندووە.

ناوبراو پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چەندین جار دەسبەسەر کرابوو.

ئەم ڕەوتە نیشاندەری بەردەوامیی سەرکوتی نادادپەروەرانەی ژنان و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە مەدەنی و مرۆییەکانیانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە.