لە درێژەی شەپۆلی بەردەوامی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی شاری دێهلۆران بە ناوی "موجتەبا کاکایی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، شەوی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی موجتەبا کاکایی و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەگەڵ لێدان، توندوتیژی و دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەکەی بووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لەبەر دەستدا نییە و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
موجتەبا کاکایی لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک پەیوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.