کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە

12:25 - 28 جۆزەردان 2726

لە درێژەی پەرەسەندنی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، بۆکان، پیرانشار و ئیلام بەبێ بەڵگەی یاسایی گیراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشی هاوکات بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندەکانی سەر بە شاری شنۆ، سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی "فەرهاد ئیبراهیم‌زادە" خەڵکی گوندی "کانی‌ڕەش" و "قادر باریکی" و "جەعفەر باریکی" خەڵکی گوندی "قەڵاتیان"ی دەسبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥١ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "مستەفا پیرۆتی" بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراوە و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە.

هاوکات لە شارەکانی دیکەی کوردستان دەسبەسەرکردنی لاوان و بەندکراوانی سیاسی بەردەوامە و لە شاری بۆکان، بەندکراوێکی سیاسیی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی "هەورام مێهرنەوایی" کە لە مەرەخەسیدا بووە، دووبارە دەسبەسەر کراوەتەوە.

هەروەها لاوێکی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی "ئەمیرحوسێن ڕۆستەمی‌مێهر" تەمەن ٢٠ ساڵ، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و ناوەندە دادوەرییەکان وڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەکەی نادەنەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "ئاوات بایزیدی" لاوی ١٩ ساڵەی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە دوای گیرانیان، لە تەواوی مافە سەرەتایییەکانی وەک پێوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.

هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیاندا گرتووە.

تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گیران و تۆمەتە پاڵدراوەکانی دژ بەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.