کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بن‌گۆیر: ئیسرائیل وڵاتێکی سەربەخۆیە و ڕێککەوتنەکەی ترامپ پێبەندمان ناکات

09:52 - 25 جۆزەردان 2726

ئیتامار بن‌گۆیر، وەزیری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ڕاگەیەندراوی نێوان دۆناڵد ترامپ و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەم لێکتێگەیشتنە بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل پێبەند ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل"، بن‌گۆیر لە بەیاننامەیەکدا بە ڕاشکاوی وتی: "ڕێککەوتنەکەی ترامپ ئێمە پێبەند ناکات؛ ئیسرائیل سەر بە ئەمریکا نییە، بەڵکوو ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆین و خاوەنی سەروەریی خۆمانین."

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل لایەنێک نییە لەم ڕێککەوتنەدا و ئەم دەقە نوێیە بە ڕێککەوتنێک نازانێت کە بتوانێت ئەمنییەتی وڵاتەکەی بپارێزێت و گەرەنتی بکات.

وەزیری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل لە کۆتاییدا ئاماژەی بە دۆخی مەیدانیی شەڕ لە باکوور کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە ئیسرائیل لە هیچکام لەو ناوچانەی باشووری لوبنان کە لە کاتی پێکدادانەکاندا لەلایەن هێزەکانییەوە کۆنترۆڵ کراون، پاشەکشە نەکات.