کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم

12:07 - 21 جۆزەردان 2726

لە درێژەی شەپۆلی گرتنە سەرەڕۆیانە و ناڕەواکانی هاووڵاتییانی کورد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی گوندی "قالوێ زەندان"ی سەر بە شاری مەهاباد و دانیشتووی بۆکان بە ناوی "مەنسوور قادرزادە" تەمەن ٤٣ ساڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

کوردپا جەختی کردەوە ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیە بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕووی داوە و ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە سەرەتایییەکانی مرۆڤە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مەنسوور قادرزادە کراون لە بەر دەستدا نییە، کە ئەمەش مەترسیی ئەشکەنجەدان و ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژوورە تاریکەکانی ڕێژیمدا زیاتر دەکات.