لە درێژەی گوشارە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەڵکی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند هاووڵاتی بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شارەکانی ئیلام، پیرانشار، ورمێ و بۆکان گیراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، شەوی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر ماڵی "سەید عەلی قوڕەیشی"، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی مۆسیقای فۆلکلۆری شاری بۆکان، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، لاوێکی کورد بە ناوی "محەممەدڕەزا فەریادی" خەڵکی شاری "سەراوڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکەی ئیلام و لە هەمان ڕۆژدا، خاتوو "فرووزان نەوجەوان (ئیسلامی)"، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، بەرپرسی ئاکادێمیی زمانی "نەوجەوان" و یەکێک لە بلاگەرە ناسراوەکانی شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.
کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا هێناویەتی کە شەوی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شێوازێکی توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر ماڵی "سەباح بێوارە"، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵەی خەڵکی گوندی "کەڵەکین"ی سەر بە پیرانشار و قۆڵبەستیان کرد.
ئەو هاونیشتمانییانە لە کاتی گیرانیان تا ئێستا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر تەندروستیی ڕۆڵەکانیان بێئەنجام ماوەتەوە.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو ٤ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.