کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبنارێکی سیاسی بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ

09:16 - 26 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی پێنجەشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، هەردوو بەشی پەروەردە و تەشکیلاتی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێبنارێکی سیاسییان لە ژێر ناوی "سیاسەتی حیزب و حیزبیبوون لەمڕۆدا" لە ڕێگەی پلاتفۆرمی زوومەوە بۆ کاک کەریم پەرویزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب ڕێک خست.

 لە سەرەتای بەرنامەکەدا، ئامادەبووان بە ساتێک بێدەنگی ڕێزیان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان گرت و پاشان خاتوو ئاواز خزری، بەرپرسی بەشی پەروەردە، دەستپێکی وێبنارەکەی ڕاگەیاند.

لە بەشی یەکەمدا، کاک کەریم پەرویزی بابەتێکی شیکاریی لەسەر مێژوو و دۆخی ئێستای سیاسەتەکانی حیزب پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات ڕێکخراوێکی زیندووە کە هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشاوە.

پەرویزی ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی چەکداریی حیزب تەنیا بۆ شەڕ نەبووە، بەڵکوو ئامرازێک بووە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، وەک چۆن دوکتور قاسملووی نەمر دەیفەرموو کە ئازادی بەبێ دانی نرخ بەدەست نایەت.

لە درێژەی باسەکەدا، کاک کەریم  تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتوویی و هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکان و پشتیوانیی بەردەوامی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بانگەوازەکانی حیزب، بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا.

 هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە هاندانی ئەندامان دا بۆ چاکسازی و بەهێزکردنی خاڵە لاوازەکان لە نێوخۆی حیزبدا لە ڕێگای ئوسوڵییەوە. بەهۆی بەربڵاویی سۆشیاڵ میدیاوە، بە پێویست زانرا کە ئەندامان خاوەنی زمانێکی گفتوگۆی بەهێز و ئەرێنی بن تا دۆستی زیاتر بۆ حیزب و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ڕابکێشن.

بەشی دووەمی وێبنارەکە لەلایەن بەڕێز مەلا عەلی ڕاپووشەوە بەڕێوە بەڕێوە برا کە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و ڕوونکردنەوەی ئەندامان، و لە کۆتاییدا لەلایەن کاک کەریم پەرویزییەوە وڵام و شیکاریی پێویست بۆ سەرجەم پرسیارەکان درایەوە.