کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ژنانی زیندانی لە ئێڤین

10:24 - 24 بانەمەڕ 2726

لە دوای چڕبوونەوەی گوشارە ئەمنییەتییەکان لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، هەشت زیندانیی سیاسیی ژن بە بیانووی بەشداریکردن لە "چالاکییە ناڕەزایەتییەکان"، لە مافی پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بێبەش کران.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ ڕایانگەیاند: "وریشە مرادی، شیوا ئیسماعیلی، گوڵڕوخ ئیرایی، سەکینە پەروانە، فورووغ تەقی‌پوور، زەهرا سەفایی، مەرزییە فارسی و ئیلاهە فوولادی"، بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و ناڕەزایەتییەکانی ناو بەند، ڕووبەڕووی سنوورداریی نوێ و مامەڵەی توندی ئەمنییەتی بوونەتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ژنانەی لە بەندیخانەی ئێڤیندا دەسبەسەرن، لە مافەکانی وەک پەیوەندیی تلفۆنی، چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.

ناوەندە مافە مرۆییەکان پێشتریش هۆشدارییان دابوو کە بارودۆخی ژنانی زیندانی لە زیندانەکانی قەرچەک، یەزد، وەکیڵ‌ئابادی مەشهەد و ئێڤین زۆر نالەبارە.

کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکان، گوشارەکانی بۆ سەر نەیاران و زیندانییانی سیاسی زیاد کردووە و لەژێر سێبەری بێدەنگیی میدیایی و پچڕانی پەیوەندییەکاندا، پەنا بۆ تۆقاندن و لەسێدارەدانی ناڕازییان دەبات.