هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد، هێرشیان کردە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی کورد و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دەسبەسەریان کردن.
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە گوندی ''کۆسەکەرێز''ی سەر بە مەهاباد، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ''میکائیل (شۆڕش) دودکانلوو میلان'' تەمەن ٤٠ ساڵ و ''ئیحسان خوڕەم ئاوا''یان دەسبەسەر کرد.
''ئیحسان خوڕەم ئاوا'' مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''کوردپا''، ئەم هێزانە لە نێوان کاتژمێر ٣ بۆ ٥ی بەرەبەیان و بەبێ هەبوونی حوکمی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردوون.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.