بەپێی بڕیاری ئیدارەی ئاوی شاری مەریوان، لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا ١٠ گەڕەکی ئەو شارە بێ ئاو دەبن و ئاویان نابێت.
بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە ئیدارەی ئاوی شاری مەریوان لە نوێترین بڕیاری خۆیدا، بڕیاری داوە کە ڕۆژەکانی ٨ و ٧ی ڕەزبەرەوە هەتا ماوەیەکی نادیار لە زیاتر لە ١٠ گەڕەکی ئەو شارەدا ئاو لە هاووڵاتییان ببڕیت و ئەوەش نیگەرانیی خەڵکی ئەو گەڕەکانە و شارەکەی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر ئاوی شارەکانی کوردستان ٢٤ کاتژمێری بووە و تەوژمی ئاو لە هەر چرکەیەکدا ٣٦ لیتر بووە، بەڵام لە ئیستادا بەهۆی خەمساردی و لاوازیی بەڕێوەبەریی بەرپرسانی ئیدارەکانی ڕێژیمەوە ئەو ئاستە گەیشتووەتە ٦ لیتر و ئەوەش لەکاتێکدایە کە تەنیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم، ئاو بەر دەدرێتەوە.
خەڵکی کوردستان ساڵانێکە قەیرانی کارەبا، کەمیی ئاو، کەمیی پێداویستیی پێویستی ڕۆژانە و گرانی و دەیان قەیران و کەمایەسیی دیکە تەنگی پێ هەڵچنیون و هەر ڕۆژێک دەبێت خۆیان بۆ قەیرانێکی دیکە ئامادە بکەن.